مانەوەی زمان – هێرۆ خوسرەوی

مانەوەی زمان – هێرۆ خوسرەوی

زمان

کوردی-گوتن و کاریگەرییەکانی وەکو پیادەکردنی هێز

هێرۆ خوسرەی

«لەکۆلۆنیی-خستن دەبێت لە ئاکتێکی وەستانەوە بەرامبەر سیستەمێکی هەژموونیی هزرییەوە درێژەی پێبدرێت؛ بۆیە لەکۆڵۆنیخستن پڕۆسەیەکی ڕزگارییی کولتووری و مێژوویی گرنگ و بەرچاوە. لەکۆڵۆنی-خستن هەموو فۆڕم و پێکهاتە باڵادەستەکان دەخاتە ژێرپرسیارەوە، ئینجا ئیتر لە زمانەوانیدا بێت، لە گوتاردا بێت یاخود لە ئایدۆلۆژیادا. لەمەش زیاتر دەبێت لەکۆلۆنیخستن وەک ئاکتێکی خۆپاککردنەوەی هەردوو لا، هەم کۆلۆنیکراو و هەم کۆلۆنیکەر، دەرک بکرێت. بۆ هەردوو لایەنەکە دەبێت پڕۆسەیەکی ڕزگاربوون بێت: ڕزگاربوون لە وابەستەیی، بەتایبەتی لە دۆخی کۆلۆنیکراوەکاندا، ڕزگاربوون لە هزری ئیمپریالیستی و ڕاسیستی، لە نواندنەوە و ئەو دامەزراوانەی کە تا ئەمڕۆش لەگەڵماندا ڕێ دەکەن، بە تایبەتی لە دۆخی کۆلۆنیکەرەکاندا. لە کۆلۆنی-خستن ئەو کاتە بە ئەنجام دەگات، ئەگەر خودی پڕۆسەکە وەک زنجیرە پرۆسەیەک  دەرک بکرێت، کە هەردوو لایەنەکە دەگرێتەخۆ، هەم کۆلۆنیکراوەکە و هەم کۆلۆنیکەرەکە.»[١]. سامییە نەهرێز

کەیسی زارا، کەیسێکی تەنها یاسایی نییە، کە پێمان وابێت یاسا و دادگا بڕیاری تاوانباری یان بێتاوانی کەسێک دەسەلمێنێت، کەیسی زارا تێکەڵکێشی چەندین پرسمان بەیەکەوە پیشان دەدات، بەڵام لێرەدا ئەوەی کە دەمەوێت لەسەری بووەستمەوە، زیاتر پەیوەندیی نێوان زمان و دەسەڵاتی باڵادەستە، کە چۆن زمان تەنها یەک ڕەهەند لەخۆ ناگرێت و زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندی گرتنی نێوان مرۆڤەکان و ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوونەکانیان، بەڵکو زمان وەک زانین و دەرەنجامگیری، دەسەڵات و هێز لە ڕێگەی زمانەوە برەویان پێدەدرێت. بەپێی ڤیتگنشتاین هەر کێشە و پرسێکی فەلسەفی لە ڕاستیدا کێشەیەکی زمانەوانییە. کارکردن لەسەر پرسە فەلسەفییەکان ئەو کاتە دەرەنجامیان دەبێت، ئەگەر بێتو بیر لەوە بکرێتەوە، لەڕێگەی کام هەڵەبەکارهێنانی زمانەوە ئەم کێشەیە بەرهەم هاتووە. بۆ ڤیتگنشتاین هەموو فەلسەفەیەک ڕەخنەی زمانە[٢].

بەڵام ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەر دۆخێکی دیکە دەکەوین، دۆخێک کە ڕێگە نادات، زمانەکە بدوێت، لێناگەڕێت هەتا ئەو هەڵە زمانەوانییەش دروست ببێت، بە دەربڕینێکی دیکە دۆخێکە لەڕێگەی زیندانکردنی زمانەوە دەیەوێت بەر بە هۆش و هزر و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگایەک بگرێت. لەهەمان کاتیشدا لەڕێگەی ساپاندنی زمانێکی دیکەوە (بە زۆر فارسی فێربوون) بەها و دونیابینینەکانی کۆمەڵگاکەی دیکە دەگوازرێتەوە، لەگەڵیشیدا باڵادەستی نەتەوەی سەردەست و داتاشینی کۆمەڵێک ئەفسانە و بەهای جیاواز بۆ نەتەوە ژێردەستەکان و گۆڕینیان بە ئەوی دیکەیەک، کە دەتوانن لەڕێگەی زمانەوە کۆمەڵێک خەسڵەتییان پێدا هەڵواسن.

 هەروەها بەپێی ئاخیل مبێمبە زمان ئامرازێکی زۆر گرنگی هێز و دەسەڵاتە، کە پراکتیکە جیاکاریخوازەکانی وەک ڕاسیزم، سێکسیزم و چینایەتی ئاسایی دەکاتەوە. ئەگەرچی لە کتێبەکەیدا “ڕەخنەی عەقڵی ڕەشپێست” ئاماژە بەو هێڵە بەردەوامانە دەدات و یەکتربڕینی ڕاسیزم و سەرمایەداری دەستنیشان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەمان پیشان دەدات کە چۆن چەوساندەوە، ژێردەستەیی و جینۆسایدەکانیش لەڕێگەی پۆلێنبەندیی زمانەوانییەوە ڕێگەیان بۆ خۆشکراوە. هەر لە داڕشتنی تیۆری ناعەقڵانی بۆ “ڕەگەز”(race)، کە ئەمە خودی عەقڵانییەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە، تا بەکارهێنانی وشەی “قولەڕەش- Neger”. مبێمبە پێیوایە پراکتیکە ڕاسیستی و سێکسیستییەکان خۆیان ژەهرێکن، کە کاریگەریی زۆر ڕاستەوخۆ و ناوەکی لە مرۆڤدا جێ دەهێڵن[٣]. بەر لە مبێمبەش بیرمەندانی دیکەی وەک ستوارت هال[٤]، ڤاڵتەر میگنۆلۆ[٥] و پیەر بۆردیۆ[٦] جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییەکی هاوبەش لەنێوان پۆلێنبەندییە زمانەوانی و نەزمی سیستەمەکان و پراکتیکە ڕاسیستی و سێکسیتی و نواندنەوە و ئەفسانەسازییدا هەیە.

ئەگەر دەسەڵاتی ئێران لە نێو سیاسەتی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزمدا جێگیر بکەین، سیاسەتی فراوانخوازی و باڵادەستکردنی دەسەڵاتی ئەو ڕژێمە بەسەر هەموو ئەو شوێنانەدا کە پێشتر داگیرکراون ببینین، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە چۆن زۆرینەی جومگەکانی ئەو دەسەڵاتە بەشداریی ڕاستەوخۆیان هەیە لە پیادەکردنی ئەو سیاسەتەدا. هەر لە تەلارسازیی و شارسازیی، ڕێگەوبان و پەیوەندییەکانی هاتوچۆ، سینەما و بوارە کولتووری و ڕۆشنبیرییەکان، پەروەردە و خوێندن، تەندروستی، تا هەلومەرجی کار و دەرفەتی کار. هەموو ئەمانە بەیەکەوە وەک پێکهاتە و چوارچێوەیەکی کۆمەڵگا بەشدارن لە بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانییە جڤاکییەکان و پیادەکردنی ئەو سیاسەتەی دەسەڵاتی سەردەست بە نەمری دەهێڵێتەوە. لەم نێوەندەشدا جیاکارییە ‘ڕەگەزییەکان’ لەگەڵ جیاکاریی و نایەکسانییەکانی دیکەدا برەوی پێدەدرێت. بەمەش ڕاسیزم تەنها لە باڵی ڕاستڕەوی سیاسییدا ناکرێت قەتیس بکرێت و ناکرێت بگوترێت ڕاسیزم تەنها دیاردەیەکی تایبەتی ئەو گروپانەیە، کە وەک دەگوترێت چین و توێژی ناپەروەردەکراو و دەست نەگەیشتوون بە خوێندن و خوێندنەوە. تەنها چاو پیاخشاندنێکمان بەسە، بەسەر چین و توێژی نێو زانکۆ و بوارە کولتووری و سیاسییەکانی نێو چینی باڵادەست، تا ببینین چۆن ڕاسیزمی زمانەوانی و باڵادەستیی و هێزی زمان لە نێویاندا کاردەکات. ئەگەر هەموو ئەو پەیوەندییانەی دەسەڵات و وەرچەرخانە کۆمەڵایەتییەکان لەبەرچاوبگرین، دەبینین زمان بەردەوام هەڵگری جیاکارییەکان بووە و پێکهاتە ڕاسیستییەکانی نەزمی کۆمەڵگایەک و واقیعی کۆمەڵگایەک دەردەخات. هەر ئەمەش وا دەکات ڕاسیزم هەم بەشێوەی ڕێکخراو و نەزمکراو لە دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکاندا بەڕوونی بەرچاو بکەوێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ڕاسیزم و جیاکاریی لە نێو چینی کرێکار و هەژار و کەم دەرامەتیشدا بە شێوەیەکی ناڕێکخراو لە گەشەدا بێت. بۆیە دەبینین زۆرکات کرێکارێک، کەسێکی سادەی کۆمەڵگای ئێران یەکسانبوون و جیاکاری-نەکردنی کەسێکی هەمان چین و توێژ، بەڵام کورد وەک خۆی بە هەڕەشەیەک دەبینێت، تا بەیەکەوە خەباتکردن دژی دەسەڵاتی باڵادەست. هەر بۆیەش زۆرکات دەبینین لە ‘شۆڕشگێڕترین’ ئەو کەسانەی کە خۆیان دژی ئەو ڕژێم و دەسەڵاتە دەزانن و گۆرانیی بۆ چینی کرێکار و پرۆلیتاریا دەچڕن و ‘پرسی کورد’ بە جۆرێک جێدەکەنەوە لە کارەکانیان، کاتێک پرسەکە بێتە سەر یەکسانیی لە هەموو مافەکان و توانای بڕیاردانی سەربەخۆی کوردەکان لە چارەنوسی خۆیان، هەمان ئەو کەسە شۆڕشگێڕانە دەبنەوە ڕاسیسترین، فاشیسترین و ناسیۆنالیسترین (ناسیۆنالیزمی ئێرانی) کەسانێک، کە باوەڕی بە پان-ئێرانیزم و ئێران-شەهری هەیە، شاهین نەجەفی بە نموونە، بەو مانایە کاتێک کورد لە ڕۆژاڤا دژی تیرۆریزمی داعش دەجەنگێت، بە سانایی دەکرێت شاهینی کۆنەئەنارشیست گۆرانیی بۆ کورد بچڕێت، بەڵام لەبەرانبەر مافی کوردەکان لە ئێران، دەکرێت بەسانایی بچێتەوە پاڵ هەمان گوتاری باڵادەستی پان-ئیرانیزم.

زارا لە شوێنێکی دەرەوەی زانکۆ و ئەکادیمیا، لە شوێنێکی زۆر بچوکتر لە خەونی بە دەستهێنانی پلە و پێگەیەکی زانستی و لە دەرەوەی دام و دەزگاکانی دەوڵەتی باڵادەستی فارسی ئێرانەوە [لەو کۆمەڵگا و پێکهاتانەی کە لە سەرەوەدا باسکراون] دەست دەکات بە وانەگووتنەوە. وانەی زمانی کوردی دەڵێتەوە بۆ ئەو منداڵانەی کە بێجگە لەزمانی کوردیی هیچ زمانێکی دیکە نازانن، بەڵام کاتێک دەچنە خوێندنگە، ناچارن بە زمانێکی دیکە بدوێن، بیربکەنەوە و بخوێنن. بەشێکی زۆری مناڵان لەگەڵ تێپەڕینی کات و بەردەوام ڕاهێنانرانیان لەگەڵ ئەو زمانەدا، کە خۆیان پێی نادوێن، هەر زوو خۆیان لەگەڵ ئەو زمانەدا دەگونجێنن، بەشێکی دیکە ڕەنگە تا کۆتایی زمانەکە وەک خۆی گۆ نەکەن، بەپێی پێکهاتە و ڕێساکانی ئەو  زمانە قسە و دەربڕینەکانیان ڕێکنەخەن، ئیتر ئەمەش لە بە ئەکسێنتەوە گووتن بێت، یاخود وەرگێڕانی بیرکردنەوە، دەڕبڕین و دەستەواژەی زمانە دایکییەکە بۆ ئەو زمانە ناچارییە. ئەگەرچی وا دەردەکەوێت، کە هێز و دەسەڵات تەنها لەو لایەنەدا ببینرێت کە باڵادەستی گوتار و زمانی خۆی بەسەر ئەوی دیکەدا دەسەپێنێت، بەڵام لە لایەنەکەی دیکەشدا بەرەنگاری، هێز و دەسەڵاتێک دەبینرێت، کە ئەو هێزە بەباشی پنتە لاوازەکانی لایەنە باڵادەستەکە نیشان دەدات.

بە پشت بەستن بە تێزەکەی بێل هوکس بە ناوی ‘ڕوانینەوە’ دەتوانین ئەم تێزە دابڕێژین و دەکرێت یارمەتیدەرمان بێت لە دەرککردنی ئەو بەرەنگاری و هێزەی لە وانەگووتنەوە بەزمانی کوردیدا بەدی دەکرێت. بێل هوکس لە یەکێک لە نوسینەکانیدا بەناوی “نیگای ئۆپۆزیسیۆن: ژنانی ڕەشپێستی تەماشاکەر”[٧] هەستی بیینین و ڕوانینەوە وەکو ئەو هێزە دەخوێنێتەوە، کە دەتوانێت ئەو ئارەزووە بەخەبەربهێنێتەوە، دەیەوێت هەموو ئەو شتانە لە چاوەکانیدا کۆبکاتەوە و ببینێت، لەمەشەوە داوایەکی شۆڕشگێڕانە و نیگایەکی ئۆپۆزیسیۆنی بخوڵقێنێت. وەک هوکس دەڵێت: “تەنیا تەماشاکردن و لێڕوانین بەس نییە. من دەمەوێت نیگاکەم واقیعییەت بگۆڕێت”[٨].

لە کاتێکدا کەسانی ڕەشپێست لە کۆلۆنییەکاندا بە هۆی ئەوەی ویستوویانە بڕوانن و لە شتەکان ڕابمێنن، سزا دەدرێن، هەر بەم هۆیەش بەردەوام ناچار کراون نیگای چاوەکانیان بەرەو زەمین ئاڕاستە بکەن. بەهەمان شێوەش لە ڕۆژهەڵات زارا سزا دەدرێت، چونکە دەیەوێت بدوێت، دەیەوێت بەکوردیی بدوێت و بیرکردنەوە و خەیاڵەکانی بەو زمانە دابڕێژێتەوە کە بەسەریدا زاڵە. ئەمە ئەو هێزەیە کە هەر دەسەڵاتی کۆلۆنیکەر و باڵادەست دەخاتە لەرزە، دەیترسێنێت و چیتر ناتوانێت لەبەرامبەریدا خۆی بگرێت، بۆیە دەکەوێتە دۆزینەوەی هۆکارێک تا تەماشاکەر و قسەکەر بە سزا بگەیەنێت، لەڕێگەی ئامراز و دام و دەزگا توندوتیژییەکانی دەسەڵاتەکەیەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دەسەڵاتە باڵادەستە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بە نەمری و لە پێگەیەکی باڵاتردا بهێڵێتەوە ڕێگە بەوە دەدات کە ببینین و بدوێین، بەڵام بەمەرجێک تەنها ئەو شتە ببینین کە ئەو پێشتر بۆی ئامادەکردووین، ئەو وێنەیەی ئەوی دیکەیەی کە ئەو پێشتر لە فیلم و سینەما و پراکتیکە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکاندا لە ئێمە(کۆلۆنیکراوەکان-کوردەکان)ی دروست دەکات. هەر بۆیەش دەبینین لەسەرەتای دەستگیرکردن و بریاردان لەسەر ‘بەتاوانبار-ناساندی زارا’ لە زۆرێک لە پێگەکانی دەسەڵاتی باڵادەست پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاودەکردەوە، کە گوایە زارا لەبەر پرسی سیاسیبوونی بۆ لایەنێکی دیاریکراو گیراوە، نەک لەبەرئەوەی وانەی زمانی کوردیی دەڵێتەوە، چونکە گوایە “وەک ئەوەی ئاشکرایە، زمانی کوردی لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵات دەخوێندرێت”. هەر بەمەش نەوەستان، هاتن بە کۆمەڵێک لەو کەسانەی دەمێکە خۆیان لەگەڵ ئەو وێنەیەی دەسەڵاتی کۆلۆنیکەر گونجاندووە [ئەو کەسانەی هەر لە منداڵییەوە زوو خۆیان ڕادەستی ئەو دەسەڵاتە کردووە و چیدی لە زمان و بیرکردنەوەکانیاندا شتێک بۆ بەرەنگاری نەماوە]، کۆنفرانسی ئەکادیمییان گرت، تا لەو ڕێگەیەوە و بەر لە هەر شتێک ئەوە ڕەتبکەنەوە کە زارا لەبەر کوردی-ئاخافتن و بەکوردی-بیرکردنەوە بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی بۆ دەرچووبێت، دواتریش بە بیانووی نازانستیی-بوونی وانەگووتنەوەکانی زارا پشتیوانییان لە هێزی دەسەڵاتی باڵادەست کردەوە. ئەم ڕووداوانە و ئەو مامەڵەکردنانەی بەرامبەر زارا ئەنجام درا، هاوشێوەیی خۆیان لەگەڵ ئەو نواندنەوەیەدا دەکەن، کە بێل هوکس سەرنجی دەخاتە سەر و دەڵێت:

«’نیگای زەق’ هەمیشە بەرە و لایەنێکی خەبات و بەرەنگاریی بووە بۆ ‘خەڵکانی کۆڵۆنیزەکراوی ڕەشپێست’ بەشێوەیەکی جیهانیی. ئەو کەسانەی کە بەهۆی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەوە ژێردەستە دەکرێن، لەڕێگەی ئەزموونەکانیانەوە فێردەبن، کە ڕوانینێکی ڕەخنەیی بوونی هەیە، دەتوانێت ئەو شتەی دەیبینێت و دەزانێت لەدژییەتی لای خۆی هەڵیگرێت. لە خەباتی بەرهەڵستیدا، هێز و دەسەڵاتی ژێردەستەکراوان لەوەدایە بەپێی توانای خۆیان دەستبکەن بە بانگەشەکردن و چاندنی ‘وشیاریی’ کە بریتیی دەبێت لە بەسیاسییکردنی ‘ڕوانین’ لە پەیوەندییەکان – واتا فێربوون بۆ ڕوانین بەشێوەیەکی دیاریکراو لەپێناوی ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەدا»[٩].

کاتێک ڕەشپێستەکان ئەو دەرفەتەیان بۆ گونجا کە ئەوانیش لە میدیاکان و سینەماکاندا دەربکەون و بتوانن ببینن و بڕوانن، لە هەمان کاتیشدا ئەو هۆشیاریی و نیگا ڕەخنەییەیان هەبوو، کە بزانن لە سینەما و تەلەفیزیۆنەکانی سپی پێستەکانەوە وێنەی ڕەشپێستەکان چۆن دەنوێنرێتەوە. بۆ ئەوان ڕوونبوو (ئەو ڕەشپێستانەی هێشتا لە نێو دۆخی بەرەنگاری و دژی دەسەڵاتی ڕاسیستی سپیپێستی ئەمریکی بوون) ئەگەر تەنیا سەیری فیلمەکان و بەرنامەکانی میدیای باڵادەست بکەن، خۆیان لەگەڵ ئەو وێنانەدا دەگونجێنن، کە حەقیقەتی ڕەشپێستەکان پشت گوێ دەخات. هەر بۆیەش وەکو بەرەنگاربوونەوەیەک دژی ئەم میدیای باڵادەستە، ڕەشپێستەکان میدیای سەربەخۆی خۆیان دروست دەکەن، کە لەوێدا بتوانن بەهۆشیارییەوە خۆیان بنوێننەوە، بەهۆشیارییەک کە ئەو پیشاندانەی میدیای باڵادەست کاریگەریییان نەخاتە سەر. هەر ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ڕوانینەکان بەشێوەیەکی جیاواز بەرهەمبهێنرێنەوە، کاریگەرییەکانی ئەم دوو میدیا جیاوازانە (میدیای ڕەش-پێست و سپی-پێست) تەریک لەیەکتر لە هەوڵی وێنەدروستکردنی ڕەشپێستەکاندا بوون. ئەو کەسانەی کە بەردەوام بینەری میدیا سپیپێستەکان بوون، خۆیان لەو نواندنەوانەی سپیپێستەکانەوە پێناسە دەکردەوە، بە پێچەوانەی ئەمەوە بینەرانی میدیا ڕەشپێستەکان دەیانتوانی باشتر خۆیان وەسف و پێناسە بکەن. لەمەشەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر پرسی زمان و ئاخاوتن بە کوردی و ئەو ئامارازانەی کە لەبەردەستدان، دەبینین جیاوازییەکی ئەوتۆ لەگەڵ ئەو دۆخی بینینەی ڕەشپێستەکان نییە. ئەو کەسانەی لەو شوێنانەوە فێری کوردی دەبن، کە دەسەڵاتی باڵادەست بۆی ڕەخساندوون، دەتوانن بەو شێوەیە بدوێن و بەوشێوەیە بیربکەنەوە کە پێشکەشیان دەکرێت. بەپێچەوانەوە لەو شوێنەدا کاتێک ئاخافتن و گوتارێکی ڕەخنەیی دژ بەو دەسەڵاتە دروست دەبێت و دەزانێت دەبێت لێبگەڕێت، خۆی بدوێت و خۆی خۆی بنوێنێتەوە، ئەوا بەبێگومان بەرهەم و هێزی بیرکردنەوەی ئەو زمانە قورساییەکی دیکە بەدەست دەهێنێت، هەر ئەمەشە کە دەسەڵاتی باڵادەست لێی دەترسێت. وەکچۆن ئاودرێ لۆرد دەڵێت: «ناتوانیت بەو چەکوشەی ئاغاکەت دەیداتە دەستت، ماڵەکەی بڕمێنیت»[١٠]، بە هەمان شێوەش ئەو بەشە بچووکە کوردییەی کە لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتدا ڕێگەیان پێدەدرێت، ناتوانن ئەو باڵادەستییە هەژموونییەی دەسەڵاتی سەردەست بلەقێنن، بەڵکو بە پێچەوانەوە چەکوشێکن بۆ لێدان لەو وزە و توانایانەی لەدەرەوەی ئەو بازنەیەدا، دەیانەوێت گوتاری ئۆپۆزیسیۆن و دەرەوەی ئەو بازنە هەژموونییە بن. باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی ئەو بەشە خوێندنە کوردییانە نەبنە چەکوشی ئاغا، ئەوەیە بەشداریی لە سەرکوتکردن و سنووردارکردنی خوێندنی کوردیی تەنها بۆ زانکۆکان نەکەن، بەڵکو خوێندنی کوردیی ئەگەر بەشێوەی سیستەماتیکیش نەبێت، کە دەوڵەت بێگومان نایەوێت، بەڵکو بەشێوەی وشیاریی کۆمەڵایەتیی بڵاوبکرێتەوە و دەزگا دەوڵەتییە کوردیی-خوێنەکان پرۆسەی دێواندنی ئەم بەکۆمەڵایەتییبوونە تاقینەکەنەوە.

پەراوێزەکان

  1. hooks, bell (1992). Black Looks: Race and Representation. Boston: South End Press. S.1.
  2. Wittgenstein, Ludwig (1984/1921): Tractatus logico-philosophicus, in: Werkausgabe, Band 1, Frankfurt/M., S. 7–86.
  3. Mbembe, Achilles (2014): Kritik der Schwarzen Vernunft, Frankfurt am Main. S. 84.
  4. Hall, Stuart (1994a): „Rasse“, Artikulation und Gesellschaften mit struktureller Dominante“, in: Rassismus und kulturelle Identität, Hamburg.
  5. Mignolo, Walter (1997): The Darker Side of the Renaissance: Literacy, Territoriality, and Colonization, Ann Arbor/Michigan.
  6. Bourdieu, Pierre (1991): Language and Symbolic Power, Cambridge.
  7. hooks, bell (1992). The Oppositional Gaze. Black Female Spectators. In: Black Looks: Race and Representation. Boston: South End Press. S. 115-131.)
  8. hooks, bell (1992). S.115.
  9. hooks, bell (1992). S.116.
  10. Lorde, Audre / Rich, Adrienne (1993). Macht und Sinnlichkeit. Berlin. S. 199