ئایا ئەوەی سێلڤی دەگرێ نارسیسیستە؟ – بەکر ئەحمەد

ئایا ئەوەی سێلڤی دەگرێ نارسیسیستە؟ – بەکر ئەحمەد

bb

نووسینی: Sinziana Ravini

لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد

هەر جارەی سێڵفییەك دەگرم، هەست بە ئازاری ویژدان دەکەم. کاتێکیش دەیخەمە سەر ئینستاگرام، هێندەی دی بێتاقەت دەبم. بە تایبەت کاتێك بیر لەوە دەکەیتەوە کە چۆن جیهانی ئەمڕۆ بە کارەسات و جەنگ قاندراوە. دواتریش وەك ســمۆرەی ناو چەرخەکە کە هەمیشە لە سووڕانەوەی خۆیدایە، هەستدەکەم گیرمکردووە و بە شوین ئەوەوەم بزانم کێـــن ئەوانەی لایکیان کردووە، هەستێك زیاتر لەوەی بزانم کە چی لە جیهاندا دەگووزەرێ.

“نارسیس” ببووە کۆیلەی وێنەکەی خۆی، بەڵام ئەو خۆی خۆشنەدەویسیت، ئاخر بۆیەش هێند گیرۆدەی وێنەکەی خۆی بوو. ئایا کەسی سێلفیگر کەسێکی نارسیستی خۆگیرۆدەیە کە خۆی خۆش ناوێت؟
ئەمە بۆ ئەو هونەرمەندانەش دەشــێ کە ‌ئەوەندەی ئینســـان بیری دێت سەرقاڵی خۆپۆرترێتی بوون. من خەیاڵم بۆ لای ” Dürer” دەچێ کە هەمیشە نیگاری خۆی وەك مەسیح دەکێشا. یان”Frida Kahlo” کە جگە لە کێشانی وێنەی پۆرترێتی خۆی، چی دیکەی نەدەکرد.
بەڵام بیریش لەو ڕاســـتیـــیە حاشاهەڵنەگرە دەکەمەوە کە خۆپۆرترێتی لە ساڵۆنی هونەرە جوانەکانی ئەم ڕۆژگارەدا تەواو ونبووە. ڕەنگە لەبەر ئەو هۆکارەش بێت کە لە زەمەنی ئەم خۆڕازیکردنەی ئەمڕۆدا سیلفی جێی ئەو “خۆڕازیکەر” ی گرتبێتەوە و هونەرمەندیش دەیەوێ نیشانی بدات کە بیر لە شتی دیکەی وەك ئیکۆلۆجی، جیۆپۆلیتیك و هاوکاری دەکاتەوە.
بۆ بەشداریکەرانی پیشانگای ساڵانە و گرووپی و ئەوانەی کە کۆمەکی دەوڵەتی بۆ کارەکانیـــیان وەردەگرن، ئەو چاوەڕوانییەیان لێدەکرێ کە دەبێ لە دەموچاوی “ئەوی دی” بکۆڵنەوە، ئەو دەموچاوانەی کە عادەتەن ئێمە نیگایان لێوەردەگێرین.
دەموچاوی “ئەوی دی”، سەرچاوەی مۆراڵە، Levinasی فەیلەسوف جارێکیان وای وتبوو. پاشان دەڵێ: لەوێدا و لە ڕووخسارە رووت وهەستپۆشیوەکەی “ئەوی دی”دایە کە ئینسان دەبێ بە شوێن هەموو پرسیارەکانی خۆیەوە بێت.
(بۆدلێر) نیگەران بوو لە فۆتۆگرافی و پێــــیوابوو کە فۆتۆگرافی دەکرێ مرۆڤایەتی بگۆرێت بە “نارسیس”ێکی گەورە کە بە تەنها بەشوێن وێنەکەی خۆیەوەیەتی. بەجۆرێکیش ڕاستی هەبوو.

ئێمە لە زەمەنێکی نارسیســـتیدا دەژین. ئەم ســـێلفییە ئایدیالیزەکراوە، سیمبۆڵی نارسیزمێکی هیستیریکیانەیە، هاووێنەیەك کە فشارمان بۆ دێنێ کە بەختەوەر تر بین لەوەی کە هەین.
لە بۆدابیست، مۆزەیەکی سیلفی هەیە کە ئینسان دەتوانێت وێنە لەگەڵ دارخورما، ئەسپی شاخدار و حەوزێکی پڕ لە تۆپی ڕەنگاورەنگدا بگرێت. تەنانەت لۆس ئەنجلسیش بۆتە خاوەنی مۆزەی خۆیی و تیایدا مۆنالیزا و ڤان کوخ سیلفی خۆیان دەگرن.
لەم مۆزانەدا، سیلفی وەك نیگاری سەرئەشکەوتە کۆنەکان وەسفدەکرێت و تەنانەت ژوورێکی تێڕامان لە کاریگەریەکانی سێلفی تێدایە وەک killfies یان ئەو ئەو سێلفیـــیە نامۆراڵیــانەی لەگەڵ بێخانەولانەکاندا دەگیرێن یان لەکاتی ناشتنی مردووەکاندا، ئەمەی دواییان بۆتە رەوتێکی subkultur ژێرفەرهەنگی.
قەدەغەکردنی سیلفیش بە هۆی کۆمەڵیك هۆکارەوە دەستی پیکردووە. ئەستێرەکانی سینەما بۆیان نییە لە میهرەجانی “کان”دا و لەسەر فەرشی سوور سێلفی بگرن. کاتیکیش Carla Bruni خێزانی Nicolas Sarkozys گوێ بە فرمانی قەدەغە نادات و لەگەڵ خودی بەرێوەبەری باڵای “کان”دا سێلفییەك دەگرێ، دەبێتە چ هەرایەك!
لە کۆشکی Belvedere لە ڤێنا، لە تەنیشت نیگاری ماچەکەی Klimts وە، تابلۆیەك هەڵواسراوە کە داوا لە تەماشاچییان دەکات لە نیگارەکە وورد ببنەوە وەك لەوەی سێلفییەکی لە پاڵدا بگرن.
چەند ساڵێک لەمەوبەر، شازادە Harry نەیویست لەگەڵ کچێکی گەنجدا ســێلفی بگرێت و پێیوت:” Selfies are bad, you should take a normal picture”. ئەو دەیویست مەسافەی نێوان خۆی و خەڵك ڕابگرێت. دەکرێ ئینسان ئەم تێڕوانینەی هەبێــت کاتێك لەو شـــوێنەدا بێت کە دەتوانیت وا بڵێیت. ڕۆژنامەنووسێکی بەریتانی لە دوای ئەم ڕووداوەوە نووسیبووی: عومری ســـێلفی تەوا بوو. بەڵام کەس وەك ئەو هەڵەی نەفەرموو بوو. سیلفی لەمڕۆدا بووە بە تلیاکی تازەی خەڵکی.
من هەندێك جار لە Pitié Salpêtrières psyk کە خەستەخانەی دانشگایە لە پاریس لەوێ کاردەکەم، خزمەتگووزاریەکمان هەیە بە ناوی “وازهێنان لە مۆبیل تەلەفۆن”، بەو کەسانە دەدرێ کە لەوێ خەوێنراوون و زۆربەی زۆریان لە مارپێچەکانی ســـێلفیدا گووم بوون و یان بوونەتە Selfiestalkers، ئەوانەی کە بە شوێن کەسانی دیکەوەن بێ ئەوەی خۆیان ڕەزامەندییـــان نیشان دابێ. ئەم ڕەفتارانە لە درێژ ماوەدا دەبنــە دروستبوونی چاونەیاری (بەخیلی) و ڕقلەخۆبوونەوە بەوەی کە هەمووان ژیانیان لە تۆ باشترە.

زۆر نییە کە من وەك رەخنەگری خوێندکارێکی نووسەر لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕوانامەکەیدا لە برۆکسل بانگێشت کرابووم. ئەو رۆمانێکی لەسەر گەڕان بەشوێن دەستگیرانە کۆنەکەیدا نووسی بوو کە تیایدا دەستگیرانەکەی وێنەی خۆی و هاوژینە تازەکەی لە ئینستاگرامدا دانابوو. مەگەر ئەوان دووچاری نارسیسیزمێکی دوانەیی بوو بوون؟ من خۆم تیا ماوم، حەزم لە تەماشاکردنی ئەوەیە کە خەڵکی چۆن ژیانی خۆیان نمایش دەکەن و کەمێك یاری لەگەڵ ئەو وێنەیـــەدا دەکەم سەبارەت بەو ژیانەی کەمن دەمەوێ دەربارەی خۆم بە کەسانی دیکە بدەم. ئەوەش دەزانم هەموو کارێکی شەخســیش سیاســـییە.
سێلفی جۆرێکە لە ئاهەنگگرتنی خود و کەسانی دی، بەیادهێنانەوەی ساتێکی کورتخایەنە، جۆرێکە لە چوارچێوەنانی فەوزای ژیان، شیوازێکە لەوەی کە بڵێی: من سیلفییەك دەگرم کەواتە من هەم. بەڵام ئایا کەسی سیلفیگر کەسێکی نارسیسیستە؟
لێکۆڵینەوەیەکی زۆر هەن ئەوە نیشاندەدەن کە سیلفیگران، زۆر جار خۆوێنەیەکی گەورەی نارسیسیستیان هەیە، بەڵام لە بە دواداچوونێکی تازەی Psychology and aging دا نیشانی دەدات کە ئەوانەی لە نێوان سالانی ١٩٤٦ و ١٩٦٤دا نەوەی(boomers) لە دایك بوون، لە نەوەی millennials ( لەدایکبووانی نێوان ١٩٨٠ و ناوەڕاستی ١٩٩٠) نارسیسترن.
نارسییزم هەمیشە دیار نییە. دەکرێ لە نیشاننــەدانی ئارەزوو بۆ جیهانبیــنی ئەوانی دیکەدا خۆی نمایش بکات. نەوەی millennials، بوونەتە میراتگری ئایندەیەکی نائارام. بۆیە سەیر نییە کە زۆرینەیەکیــان وێنەی خۆ و کەسانی دیکەیان لەدەستداوە. نارسیستەکان لە هەموو زەمەنێکدا هەبوون بەڵام بە راستی چۆن پەیدابوون؟
دەروونناس Donald Winnicott کە تا ساڵەکانی ١٩٧٠ چالاك بوو، ڕوونیکردۆتەوە کە دایك ئاوێنەی یەکەمی منداڵە. نیگاگۆڕکێی دایك کە کاردانەوە یان قبوڵکردنی هەستەکانی کۆرپەیە، بڕیاردەری ئەوەیە کە کۆرپە چ خۆناسییەکی self-esteem هەبێت. ئەگەر دایك لەو کاتەی ئێشکی منداڵەکەی دەگرێت شپرزە بێت و سەرقاڵی شتی دیکە بێت، ئەوا کۆرپە هەستی کەسێکی بەجێهێڵراوی تیا دروستدەبێت تەنانەت ئەگەر دایکەکە لە باری فیزیکییەوە لە منداڵەکەشــیەوە نزیك بێت. بۆیە دەکرێ دڵەترسەیەکی گەورە “تراومایەك” پەیدا بێت و تاك لەگەڵ خۆیدا هەموو تەمەنی هەڵیبگرێ. بەمشێوەیە کۆرپە “من” ێکی ساختە دروستدەکات و هەمیشە لە نیگای ئەوی دیدا بەشوێن دانپیـــانانەوە confirmation. من لەم ڕۆژانەدا جارێکی تر ئەوەم خوێندەوە و کەوتمە خەیاڵی زەمەنی گیرۆدەبوونی ئێمە بە سیلفییەوە. کولتوری سێلفی لەسەرچی ڕاوەستاوە جگە لە گەڕان بەشوێن نیگای دانپیــانان وقبوڵکردنی دایك یان باوکەوە نەبێ؟ رۆژگارێك ئینسان وێنەی منداڵەکانی خۆی پیشانی کەسانی دیکە دەدا. لە ئێستادا منداڵی خۆ بۆتە موڵکی گشت. ئەم جۆرە لە هەراجکردنی کۆرپە و منداڵ لە تۆرە کۆمەڵایەتییــەکاندا چی بە خۆوێنەی ئەوان دەکات شتێکە و ئێمە تەنها دەکرێ بە خەیاڵ پێی بگەین.
من لەگەڵ نەخۆشەکانی خۆمدا، بەشێکی زۆر کار لەسەر گفت وگۆی بێــدەنگ و کاردانەوەی دەموچاویی دەکەم. من هەوڵدەدەم نیگایەکی دانپیـــانانەیان پێبــبەخشم کە ئەوان قەت وەریاننــەگرتووە.
“دۆناڵد وینیکۆت” لە جێگایەکی تردا دەڵێ: دایك پاش ماوەیەك، دەبێ ئەوە فێری منداڵەکەی بکات کە بەرگەی خودتەنهایی بگرێت. دایکێکی هەمیشە ئامادە و لەبەردەستدا بوو سیندرۆمی جێهێڵراوی لای منداڵ دەخوڵقێنێ. دایك دەکرێ دەربڕینی”good enough”، هێندە کافییە قبوڵبکات. تەنانەت دەرووناسیش دەبێ “هیند کافی”یە قبوڵبکات و بە نەخۆشی نیشان بدات کە ئەو کەسێك نییە کە قابیلی جێگرتنەوە نەبێت.
لە نەوەدەکاندا ئینتەرنێت هاتە بوون و لە ٢٠٠٠ کاندا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. لەو کاتەوە ئــێمە لە نێوان چەندەها شوێنی مەجازیدا لە هاتووچۆداین. مەیل دەنووسین، ئیس ئێم ئێس دەنێرین، وێنە لەسەر فەیسبووك و ئینستا دادەنێین و لایك دەکەین. “ئابووری سەرنجدان” ی ئەمڕۆ، دایك و باوك لە نادیاریدا ڕادەگرێت و منداڵانێکی نارسیسیستی دەخوڵقێنێ. پێموایە دەکرێ بەرەو خراپتریش بڕوات، بەلام چارە لە کوێدایە؟
من لانی کەم وەڵام لای Kenneth Wright و بەرهەمەکەی کە بە ناوی Mirroring and attunement – self-realization in psychoanalysis and art från 2009 دا دەبینمەوە.
“ڕایــت” ڕوونیدەکاتەوە ئەو شتەی دەتوانێت ئەو بۆشاییە پر بکاتەوە کە لە غیابی نیگای دایکدا دروست دەبێت، هونەرە. لە هونەردایە دەکرێ لە بری نەبوونی خۆشەویستی و نەبوونی نیگا لەسەرمان کە قەت وەرنەگیراوە، ئەو دڵنەواییە بەدەستبـنینەوە .
بەڵام هونەریش دەبێ کاری گەڕان بێت بەشوێن ئەو دڵنیــانامەدا کە سەروکاری لەگەڵ دانپیاناندایە، وەك چۆن هیگڵ دەڵێ: گەڕانی ئینسان بەدوایی دانپیــاناندا زۆر بەهێزترە لە غەریزەی سیکسی.

Amalia Ulman, Cindy Sherman, Rafia Santana, Arvida Byström och Mikael Olsson. هەریەکە لەم هونەرمەندانەی سەرەوە، جۆرێك گەمەیان لەگەڵ ســێلفی و دووبارە ‌هەڵوەشاندنەوەی میکانیزمەکانی سـێلفیدا کردووە.

بەڵام ئایا کەسی ســـێلفیگر کەسێکی نارسیسیستە؟ لە راستیدا وەڵام بە “نـــا” یە، بە تایبەت ئەگەر سەرنجێك لە خودی ئەفسانەی نارسیس بدەین.
نارسیس پێویستی بە کەسی دیکە نییە. ئەو هێندە سەرقاڵی کاردانەوەی وێنەکەی خۆیەتی کە تەنانەت خۆشەویستی “ئێخۆ یان ئێکۆ”ی پەریش رەتدەکاتەوە. ئەو ناتوانێ خۆی لە چاوانی کەسێکی دیکەوە خۆش بووێت. نارسیس کەسێکی خودڕازیە کە پێـــیوایە پێویستی بە کەسی دیکە نییە. کەسی سیلفیگر پێچەوانەی ئەمەیە.
لەو شوێنەی نارسیس “ئیخۆ یان ئێکۆ” ڕەتدەکاتەوە بە گوێرەی ئەفسانە یۆنانییەکە، (ئێکۆ بە مانای دەنگدانەوە دێت- وەرگێڕ)، خودی ســێلفی دەبێتە بانگەوازێك بۆ دەنگدانەوە. بەشێك لە ئیکۆلۆژییەکی کۆمەڵایەتی کە پێمان دەڵێ ئێمە کێیـن و دەمانەوێ کێی دیکە بیــن. بیگوومان ئەویش بەو ئاستەی کە کەسی ســێلفیگر دەیەوێت چەند لە خودبیــرکردنەوە و تێرامانی خۆی بە کەسانی دی بگەێنێ. ســێلفی شیوازێکی دیکەی دەستگیرۆییکردن لە کەسانی دییە. ئەویش لە ڕێگەی لایك و دانانی کۆمینتاری پۆزەتیڤەوە بۆ ئەوانەی کە وێنەکانی خۆیان بڵاودەکەنەوە. چونکە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆیش، جۆرێك لە ئازایەتی پێویستە. ئەوەی کە ئەم جۆرە بە ئیکۆلۆژییـــەکی کۆمەڵایەتی ناودەبرێت لە خۆیدا زۆر ئیکۆلۆژییانە نییە بۆ ژینگە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ســێلفیگرتن چەند گازی دووم ئۆکسیدی کاربۆن مەسرەفدەکات، ئەمە بۆ خۆی بابەتی باسێکی ترە.
هەرچۆنێك ئێمە بیرکەینەوە و سەرنجمان لەسەر ســێلفی بێت، ئێمە خۆمان لەبەرانبەر subkultur ژێرفەرهەنگێکدا دەبینینەوە کە هاتووە تا بمێنێتەوە. بەوەی کە عەقــڵە گەورەکانی سەردەممان چاویان ناچێتە سەر ئەم دیاردە کولتوورییە بەو شێوەی کە دەبوایە، گێڕەرەوەی شتێـــکە دەربارەی خۆیان وەك لەوەی دەربارەی ئەم فۆرمە کولتوریـــیە بێت. ئەوەشمان بیرنەچێت کە Roland Barthes یەکێك لە جوانترین تێکستەکانی خۆی سەبارەت بە ئۆتۆمبیلی Citroën بوو. با ســـێفیش مرد بێ، بەلام بژی سیلفی.

لینکی وتارەکە بە سویدی لە رۆژنامەی ئێوارانی سویدی ئافتۆنبلادیت.

https://www.aftonbladet.se/kultur/konst/a/z7ajdr/sinziana-ravini-om-selfies